پهیام
پرۆسەی تۆمارکردنی دەنگدەران لە ھەولێر دەستیپێکرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا، یەک ملیۆن و ١١٢ ھەزار و ١٤٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم، ئارام نەجمەددین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگهیاند: "لە هەڵبژاردنی پێشووتر ٥٣ بنکەی تۆمارکردنی دەنگدان هەبوو، ئەمڕۆ بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران دەکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ٣٣ بنکەی دیکە زیادکراون و سەرجەمیان بوونەتە ٧٦ بنکە کە بەڕووی ھاووڵاتییان کراونەتەوە و ٥٢٨ فەرمانبەریش پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران بەڕێوەدەبەن".
ئارام نەجمەددین ئاماژهی بهوهشدا: "بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران ٣٦ بنکە لەناو سەنتەری شار و ٤٠ بنکەش لە دەرەوەی شار کراونەتەوە و تەواوی ئاسانکاری بۆ دەنگدەران دەکرێت لەکاتی تۆمارکردنی ناوەکانیان".
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی روونیشیکردەوە بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران کە تایبەتە بە کۆمیسیۆنی ھەرێم، پشتبەستراوە بە داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی تەندروستی و کۆبۆنی خۆراک، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارە یەک ملیۆن ١١٢ ھەزار و ١٤٨ کەس مافی دەنگدانی هەیە.
ئارام نەجمەددین ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنە سیاسییەکان دەتوانن چاودێری تۆمارکردنی دەنگدەران بکەن ئەگەر ھاتوو ھەر تێبێنی و رەخنەیەکیان ھەبوو و لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی تۆمارکردن لایەنەکان بۆیان نییە ھیچ تانەیەک لە پرۆسەکە بدەن، لەبەر ئەوەی پێشتر لیستی تۆماری دەنگدەرانیان پێدراوە و پێوستە ئێستا تانە بدەن.
ئارام نەجمەدین داواشی لە ھاووڵاتییان کرد سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانییان و سڕینەوەی ناوی مردووان.
لەبارەی چارەنووسی هاووڵاتییانی سنووری ماددەی ١٤٠، ئارام نەجمەددین رایگهیاند: "هاووڵاتییانی سنووری ماددەی ١٤٠ ناتوانن دەنگ بدەن".
903 جار خوێندراوەتەوە
12/07/2018