Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

ئه‌ركی میدیا له‌ ناساندنی پرۆسه‌كانی جینۆسایدو كۆمه‌ڵكوژییه‌كان

د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی



میدیا ئه‌ركی جۆراجۆر له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌ ئه‌ركی‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی‌ رووداوه‌كان و ناساندنی كه‌یسه‌ جۆراوجۆره‌كان، ئه‌وه‌ میدیایه‌ ئێمه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ نێو جه‌رگه‌ی‌ رووداوه‌كان و هه‌ر میدیاشه‌ ده‌توانێت به‌ پرسه‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاینیی و رۆشنبیرییه‌كان و سه‌رجه‌م پرسه‌كانی دیكه‌ی‌ په‌یوه‌ست به‌ ژیانی مرۆڤه‌وه‌ ئاشنامان بكات، له‌ سه‌ره‌تای‌ په‌یدابوونی ئامرازه‌كانی میدیا و گه‌شه‌ی‌ به‌رده‌وامی، تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌، به‌رده‌وام ئامرازه‌كانی میدیا (توانیویانه‌ – ویستویانه‌) ئه‌م ئه‌ركانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكه‌ن. 

یه‌كێك له‌و بابه‌ت و پرسه‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ میدیا ده‌توانێـت رۆڵێكی‌ گرنگی تێدا ببینێت و ببێته‌ پردێكی‌ به‌هێز بۆ ئاشناكردنی جه‌ماوه‌ر به‌ رووداوه‌كان، بابه‌ت و پرسی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژیه‌كانه‌، له‌ جه‌نگه‌ جیهانییه‌كان وپرۆسه‌كانی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و ره‌گه‌زیدا، هه‌میشه‌ میدیا رۆڵی له‌ په‌رده‌لادان له‌سه‌ر راستیه‌كان هه‌بووه‌ و به‌رده‌وام توانیویه‌تی ببێته‌ پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ تۆمه‌تباركردنی تاوانباران و خستنه‌ رووی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تۆمه‌تباركردنیان بۆ به‌رده‌م دادگاكان. له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ رواندا، له‌ یوگۆسلافیانی جاران، له‌ چین، له‌ سوریا و له‌ عێراق، له‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ به‌ ئاگری‌ سته‌م و جه‌نگ سوتاون و جینۆساید و قركردن و تاوانی كۆمه‌ڵكوژیان تێدا ئه‌نجامدراوه‌.

دیاره‌ گه‌لی كورد به‌ درێژایی مێژووی، به‌رده‌وام دووچاری‌ سته‌م و زۆرداری‌ بووه‌ و وڵاتانی داگیركاری هه‌میشه‌ هه‌وڵی‌ له‌ناوبردن و تواندنه‌وه‌ و سرینه‌وه‌یان داوه‌، ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكار و دیكتاتۆره‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كان له‌ پێناو سرینه‌وه‌ی‌ ناو و ناسنامه‌ی‌ كورد، هه‌موو جۆره‌ ئامرازه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ و داپڵۆسین و زۆرداریان به‌كارهێناوه‌، تا كار گه‌شته‌ پرۆسه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی‌ و جینۆساید و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌كانی به‌ناو ئه‌نفال و كیمیاباران، كه‌ تا ئێسته‌ش ئاسه‌واره‌كانی هه‌رماوه‌و برینه‌كان سارێژ نه‌بوونه‌ته‌وه‌.
له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌ركێكی هه‌ستیار و گرنگ (كه‌وتۆته‌ – ده‌كه‌وێته‌) سه‌ر ئه‌ستۆی‌ میدیا له‌ ناساندنی ئه‌و سته‌م و زۆرداریی و ناهه‌قیه‌ی‌ به‌درێژایی مێژوو به‌رامبه‌ر گه‌لی‌ كورد كراوه‌، ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی كه‌می زانیاریی ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ جیهانیه‌كان و گه‌لانی دونیا بۆ مه‌زڵومیه‌تی گه‌لی كورد و ئه‌و سته‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ری‌ كراوه‌ بۆ كه‌م ئیمكانیاتی و لاوازی‌ میدیای‌ كوردیی بگه‌رێته‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كه‌ ئه‌م تاوانانه‌ی‌ تێدا ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ كورد نه‌ خاوه‌نی كیان و نیمچه‌ ده‌سه‌ڵاتێك بوو، نه‌ میدیاییه‌كی كاریگه‌ریی له‌به‌رده‌ستدا بوو، نه‌ میدیا جیهانیه‌كانیش – به‌هۆی‌ به‌رژوه‌ندیه‌كانیانه‌وه‌ - بوونه‌ بڵندگۆیه‌ك بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ مه‌ترسیدارانه‌، هه‌ربۆیه‌ جگه‌ له‌ كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، هیچكام له‌و تاوانانه‌ نه‌بوونه‌ كه‌یسی جیهانیی و میدیا جیهانیه‌كان به‌ پێی‌ پێویست شرۆڤه‌یان نه‌كرد و تیشكیان نه‌خسته‌ سه‌ر، ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ی‌ كه‌ بوویه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌سات و سته‌می كیمیابارانكردنی شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ قوربانیه‌كانی به‌ به‌راوورد به‌ پرۆسه‌ی‌ به‌ناو ئه‌نفال كه‌متر بوو - گه‌وره‌تر ده‌ركه‌وێت و تیشكی‌ زیاتری بخرێته‌ سه‌ر، حزووری‌ میدیایی وڵاتی ئێران و ئه‌و چه‌ند رۆژنامه‌نووسه‌ بێت كه‌ توانیان تاوانه‌كه‌ به‌ جیهان بناسێنن و به‌ زوومی كامێراكانیان رایه‌كی‌ جیهانیان له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ دروستكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م حزووره‌ میدیاییه‌ له‌ تاوانی به‌ناو ئه‌نفالدا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو!
كورد وته‌نی (نه‌چووه‌ بچێ)، ئێسته‌ش هه‌ل و فرسه‌تی به‌رده‌م ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جیهان هه‌ر ماوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و میدیای‌ كوردیی ده‌توانن ئه‌م تاوانانه‌ به‌ جیهان و گه‌لانی دونیا بناسێنن، بگره‌ به‌و نه‌وه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ دوای‌ راپه‌رینه‌وه‌ دروست بووه‌ و زانیارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌م تاوان و سته‌م و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ سنوورداره‌، ده‌كرێت بۆ ئه‌م ئامانجه‌ گه‌وره‌ ئه‌م چه‌ند كاره‌ بكرێت:

- ته‌رخانكردنی بوودجه‌یه‌كی باش بۆ به‌رهه‌مهێنای چه‌ند فلیمێكی‌ سینه‌مایی و چه‌ند فلیمێكی‌ دیكۆمێنتاریی به‌ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توركی‌ و فارسی و ئینگلیزی و به‌ به‌شداریپێكردنی ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ناوبانگه‌ جیهانییه‌كان.
- ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی‌ نیشتیمانیی میدیایی بۆ ئاشناكردن و ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌ به‌ گه‌نجان و نه‌وه‌ی‌ نوێ، له‌ رێگه‌ی‌ خوێندنگه‌ و زانكۆ و رێكخراوه‌كان. 
- ناردنی چه‌ند شاندێكی‌ میدیایی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی هاوشێوه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌ و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونیان له‌ ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جیهان. 
- راسپاردنی زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ سازدانی كۆنفراسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به‌م پرسه‌ گرنگانه‌. 
- ته‌رخانكردنی بوودجه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ دانانی سایتێكی‌ تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانی به‌ناو ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی كورد، به‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ سوشیالمیدیا و تۆره‌  كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ناساندنی ئه‌م تاوانانه‌.
- وه‌رگێرانی ئه‌و په‌رتووك و گۆڤارانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌رچوون و تایبه‌ت بوون به‌ كاره‌ساتی به‌ناو ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و تاوانه‌كانی دیكه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامدراون، بۆ ئه‌و زمانه‌ جیهانیانه‌. 


د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی ـ مامۆستای‌ میدیا 

351 جار خوێندراوەتەوە
15/04/2019

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە