Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

له‌هه‌رێمی كوردستان مافه‌كانی مرۆڤ بوونی نییه‌! ته‌نها مرۆڤ هه‌یه‌ به‌بێ مافه‌كانی

سۆران عومه‌ر


له‌یادی ڕۆژی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ 10ی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 1948 جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤی تێدا ڕاگه‌یاند، پرسی مافه‌كانی مرۆڤ ڕه‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و پێوه‌رێكی گرنگی هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو سیستمێكی حوكمڕانیه‌.

پاش ئه‌و مێژووه‌ كه‌تێده‌په‌ڕێ به‌سه‌ر جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ دا جارێكی دیكه‌ گه‌لی كوردستان له‌پێش چاوی دونیا توشی جینۆسایدێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، شه‌هیدو بریندارێكی زۆرمان له‌شه‌ڕی تیرۆردا له‌پێناو پاراستنی خاك و خه‌ڵكی كوردستاندا هه‌یه‌، نزیك به‌ (1) ملیۆن ئاواره‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ژی.
به‌داخه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌وه‌ك پێویست ئاوڕیان له‌خراپی گوزه‌رانی ئاواره‌كان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویسته‌ هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمیان نه‌كردووه‌ بۆ داڵده‌دانی ئه‌و ڕیژه‌ زۆره‌ی ئاواره‌، 4 ساڵه‌ حكومه‌تی عێراقی مافه‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی بڕیوه‌، سێ مانگه‌ فه‌رمانبه‌ران موچه‌یان پێنه‌دراوه‌، خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان یاسای ماف و ئیمتیازاتیان بۆ جێبه‌جێ ناكرێ و له‌دۆخێكی خراپدان، كۆچی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كی به‌رچاوی خراپی دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌.

له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كانیش به‌تایبه‌ت خورماتوو پێشێلكاری گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كورد ئه‌نجامدراوه‌ به‌ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی.

له‌هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی (27) ساڵه‌ به‌ (4) خولی په‌رله‌مانی و (8) كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌ستكه‌وتی زۆر به‌رهه‌مهێنراوه‌، كاتێك ڕه‌خنه‌ ده‌گرین ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ نادیده‌ ناگرین به‌ڵام پاراستنی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌ به‌شی زۆری به‌پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ به‌نده‌، ناتوانین ئه‌وه‌ له‌یاد بكه‌ین له‌ئێستادا پرسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ڕه‌وشێكی خراپدایه‌، هێشتا برینی قوڵی شه‌ڕی ناوخۆ به‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی بێ سه‌روشوێنكراوان ساڕێژ نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا به‌شی زۆری بێ سه‌روشوێنكراوان له‌شه‌ڕی ناوخۆو پاش ئه‌وه‌ش له‌ژیاندا ماون و له‌زیندانه‌ نهێنیه‌كاندان كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان زیندانی نهێنی بوونی هه‌یه‌!

جگه‌ له‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا پێشێلكاری گه‌وره‌ی له‌پرسی مافه‌كانی مرۆڤ دا به‌رهه‌مهێناوه‌، بڕیاره‌كانی دادگا جێبه‌جێ ناكرێ، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی گرتنیان هه‌یه‌ و ده‌ستگیرناكرێن.

منداڵان و ژنان توندوتیژی به‌رامبه‌ریان ڕووی له‌زیادبونه‌، ڕۆژنامه‌نوسان پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان به‌رده‌وامه‌، تا ئێستا ڕفاندن و بێ سه‌روشوێنكردن درێژه‌ی هه‌یه‌! ده‌یان هاوڵاتی دیكه‌ به‌تۆمه‌تی تیرۆرو تۆمه‌تی دیكه‌ ڕفێنراون و چاره‌نوسیشیان بۆ خانه‌واده‌كانیان ئاشكرا ناكه‌ن، ڕه‌وانه‌ی دادگایان ناكه‌ن، پارێزه‌ریان نیه‌! شوێنی ده‌ستگیركردنیان شیاوی به‌ندكراو نیه‌، ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی گرتن و ڕفاندن و لێكۆڵینه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌، كه‌سانێك له‌سه‌ر تیرۆر ده‌ستگیركراون به‌ڵام 15ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنیاندا به‌ڵام نابرێنه‌ دادگاو دادگایی ناكرێن! تۆمه‌تی ناڕه‌وا ده‌كرێته‌ پاساوی گرتنی كه‌سانێك كه‌ سزای سیاسی دراون، نانبڕاو كردن به‌رده‌وامه‌، ئه‌شكه‌نجه‌دان و ڕفاندنی چالاكوانان و ڕۆژنامه‌نوسان بوونی هه‌یه‌، كه‌سانێكی دیكه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ ئازادكراون به‌ڵام ده‌زگای ئاسایش ئازادیان ناكات.

چه‌ندین یاسا له‌خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوێندراوه‌ كاری پێناكرێت یان یاسایه‌كن مه‌ترسیان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا هه‌یه‌.

بۆ وێنه‌ یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی (2013) كه‌یاسای مافی ده‌ستكه‌وتنی زانیاریه‌و یاسایه‌كی گرنگه‌ بۆ ئازادی كاری میدیایی و ده‌ستخستنی زانیاری و شه‌فافیه‌ت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر كه‌به‌یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی 2006 ناسراوه‌ بۆ هه‌مه‌یشه‌یی به‌و خراپیه‌وه‌ كاری پێده‌كرێته‌وه‌ له‌مادده‌ی (سیانزه‌هه‌م)ی یاساكه‌دا ئه‌شكه‌نجه‌دان بۆ تاوانبار به‌و یاسایه‌ له‌كاتێكدا به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ره‌ ڕێگه‌ی پێدراوه‌، ئه‌مه‌ش كارێكه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه‌و UNAMI له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نیگه‌رانی خۆی گه‌یاندۆته‌ په‌رله‌مانی كوردستان!

كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی یاسایی هه‌یه‌ له‌یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای ئاسایش دا، ئه‌مه‌ش مانای نادیده‌گرتنی ماندوبوون و ڕه‌نجی هێزه‌كانی ئاسایش نیه‌ كه‌به‌شی گه‌وره‌ی پاراستنی ئاسایش و ئارام هه‌رێم كاروماندوبوونی ئه‌وانه‌، به‌ڵام له‌ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئه‌م پرسه‌مان ڕوبه‌ڕووكراوه‌ته‌وه‌و كاریشی له‌سه‌ر كراوه‌ بۆیه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كه‌م:
ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاساكانی ژماره‌ (4 و5)ی ساڵی 2011 كار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌مادده‌ی سێیه‌می یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دا ئامانج و ئه‌ركه‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دیاریكراوه‌ له‌ (18) خاڵ دا، هه‌روه‌ها له‌ته‌واوی ئه‌و یاسایه‌دا هیچ به‌ندو ماده‌یه‌ك نیه‌ مافی به‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دابێت لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌نجام بدات و زیندانی بكات تاكو سزا وه‌رده‌گرێ! 

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2011ی یاسای ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دا له‌مادده‌ی (سێیه‌م)دا ئه‌ركی ئه‌و ده‌زگایه‌ به‌ (15) خاڵ دیاریكراوه‌، له‌و مادده‌و ته‌واوی ماده‌كانی دیكه‌ی یاساكه‌دا هیچ ماده‌و بڕگه‌یه‌ك نیه‌ مافی لێكۆڵینه‌وه‌ زیندانی كردنی تۆمه‌تبارو هه‌بوونی زیندانی پێ به‌خشی بن!

له‌ماوه‌ی 5 ساڵی كاركردنیشم وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ كێشه‌ی گه‌وره‌مان پێشێلكاریه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ده‌زگای ئه‌منی و به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌هاتنیان بووه‌ بۆ لیژنه‌كه‌مان، جگه‌ له‌وه‌ی جیاوازی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان مامه‌ڵه‌و موماره‌سه‌ی كاره‌كانی ده‌زگای ئاسایش له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێرو دهۆك، ئه‌وه‌ش به‌ڕوونی به‌دیار ده‌كه‌وێ.

به‌كورتی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه‌ له‌پرسی مافه‌كانی مرۆڤ، كه‌ناوو ناوبانگی هه‌رێم و قوربانیدانه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه‌، خه‌مخۆری بۆ خاك و خه‌ڵكی كوردستان ڕاگرتنی پێشێلكاریيه‌كان و ڕێزگرتنه‌ له‌مافه‌كانی مرۆڤ.

سۆران عومه‌ر 
سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی كوردستان
10/12/2018

574 جار خوێندراوەتەوە
10/12/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە