Frequencies
پەخشی راستەوخۆ
خشتەی بەرنامەکان کاتەکانی بانگ
داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 11:00 + 14:00 + 18:00 + 20:00 + 22:00 كورته‌ی هه‌واڵه‌كان + 23:00
باس و خواس 17:00، جگه‌ له‌رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
دوانگه‌ی خه‌ڵك 17:00 ته‌نها رۆژانی پێنج شه‌ممه‌
هەواڵی وەرزشی 11:30 + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی و شه‌ممه‌ 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان

ئەی‌ تاوانی قاچاخچییەکان؟!

سۆران رەشید


با لە نوێترین کارەساتی ڕێگای کۆچەوە دەستپێبکەین، ڕۆژی ١٠ی مانگی ڕابردوو (تشرینی یەکەم)، نزیکەی‌ ٢٩ کۆچبەری کوردی خەڵکی دهۆک و زاخۆ لە دەریای ئیجەدا خنکان، مانگی ئەیلولیش، چەند قاچاخچییەکی کورد، شەش کۆچبەری کوردیان لە شوقەیەکی شاری ئەستەنبوڵدا بە بارمتەگرت، دوای لێدان و سوکایەتی زۆر بۆ ماوەی‌ چوار ڕۆژ، ناچاریان کردن ڤیدیۆیەک تۆمار بکەن و بە خێزانەکانیان بڵێن کە قاچاخچییەکان ئەوانیان گەیاندووەتە فەڕەنسا بۆئەوەی‌ پارە لە خێزانی کۆچبەرەکان بکشێننەوە، دواتر پۆلیس هەموویانی ڕزگارکرد، بەڵام قاچاخچییەکان هەڵهاتن. 

ئەمانە تەنها نوێترین تاوانیانە و هەزاران تاوانیان هەیە، کەواتە کاتی ئەوە هاتووە بپرسین، ئەی‌ تاوانی قاچاخچییەکان؟! ئایا یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات؟

هۆکارەکانی‌ کۆچکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکران، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، نزیکەی‌ ٦٠٠ هەزار عێراقی کە بەشێکی‌ زۆریان کوردی هەرێمی کوردستانن کۆچیان کردووە و داوای مافی پەنابەڕێتییان لە ٤٣ وڵاتی جیهان کردووە و نزیکەی‌ هەموویان لە ڕێگەی نایاسایی و قاچاخەوە بووە، واتە قاچاخچییەکان هەڵسوکەوتیان بە ژیان و سەلامەتی ئەو کەسانەوە کردووە، بەپێی دواین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، قاچاخچییەکان بەرپرسن لە ٥٠%ی توندوتیژی سێکس و جەستەیی و دزین و فراندنی کۆچبەران.

ڕۆژانە قاچاخچییەکان تاوان لە دژی‌ کۆچبەران ئەنجام دەدەن، پارەیەکی‌ زۆر لە کۆچبەر وەردەگرن، گوێ بە سەلامەتی ژیان کۆچبەر نادەن و ژیانیان دەخە مەترسییەوە، نەک هەر بەڵێنی درۆ ، بەڵکو زۆرجار پێچەوانەی‌ بەڵێنەکەشیان ڕەفتار دەکەن، ناسنامە و بەڵگە فەرمییەکان ساختە دەکەن، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر کچان و ژنان، پارە لە خێزانی کۆچبەرەکان دەکێشنەوە و چەندین تاوانی دیکە.

قاچاخچییەکان گوێ بە سەلامەتی کۆچبەر نادەن، سەدان کەیس تۆمارکراون کە قاچاخچی شەوێک پێش دەرچوون وێنەی‌ یەختێکی‌ گەورە دەداتە کۆچبەر و دەڵێت سبەینێ بەو یەختە گەورەیە کۆچ دەکەن، بەڵام بۆ بەیانییەکەی‌ کۆچبەر لوتی بە بەلەمێکی‌ ناسەلامەتی چوپی بچوکدا دەتەقێت و بە هەڕەشە و چەک و لێدان ناچاردەکرێت قەدەری خۆی و ماڵ و منداڵی بداتە دەستی‌ ئەو بەلەمە بچوکە کە زۆرجار نزیکەی‌ ٣٠ تا ٧٠ کۆچبەری تێدەکرێت کە لە کاتێکدا گونجاو نییە بۆ ١٠ کەسیش، نمونەی کار و تاوانی قاچاخچی ئەوەندە زۆرن، بە دەیان و سەدان بابەتی‌ دەوێت بۆ باسکردن. 

بەداخەوە قاچاخچییەکان، کە ناوی عەجیب و غەریبیان هەیە، شوێن و ناونیشانیان دیارە، لە هەرێمی کوردستان باندی تایبەتی‌ ناونوسین و وەرگرتنی‌ پارەیان هەیە، هەندێجار بە چاوساغی بەرپرسان تاوانەکانیان ئەنجام دەدەن و یاری بە ژیانی‌ خەڵکی ئاسایی دەکەن.

کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هیچ قاچاخچییەک سزا دەدرێت لە هەرێمی کوردستان؟ ئایا یاسایەک هەیە بۆ وەستاندنیان؟ بۆچی تائێستا پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی‌ لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە؟ چۆن تائێستا هیچ یاسایەک بۆ دژایەتی‌ بەقاچاخبردنی مرۆڤ و قاچاخچییەکان دەرنەکراوە؟

لە دواین هەمواری پرۆژه‌ یاسای‌ نه‌هێشتنی‌ بازرگانی‌ كردن به‌ مرۆڤ ژماره‌ (28)ی‌ ساڵی‌ 2012ی‌ عێراق له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ ئاماژەیەکی بە ڕوبەڕوبوونەوەی‌ دیاردەی‌ بەقاچخبردنی هاوڵاتیانی‌ بۆ دەرەوەی‌ وڵات نەکردووە کە بەڕای من ئەرکی لەپێشینەی‌ پەرلەمانتارانی‌ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە بۆئەوەی‌ یاسایەک لەوبارەیەوە دەربکەن.

لە زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت لە تورکیا، یاسای ڕوبەڕوبوونەوەی‌ فاچاخچی هەیە و ڕۆژانە چەندین قاچاخچی دەستگیردەکرێن و سزادەدرێن، یان بەلانی کەمەوە، بەو ئازادییەی‌ کە لە هەرێمی کوردستان هەیە ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.

بەداخەوە بەپێی ئامارەکان، تائێستا نزیکەی‌ ٣٠٠ کەسی‌ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای قاچاخی و بەهۆی هەڵەی‌ قاچاخچییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە؟

298 جار خوێندراوەتەوە
10/11/2018

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە