داخستن
بەرنامە کاتی پەخش دووبارە
هەواڵى سياسى 10:00 + 12:00 + 14:00 + 17:00 + 18:00 + 19:00 + 20:00 + 22:00 + 23:00 + 23:45
هەواڵی وەرزشی 10:30 + 13:00 شيكارى وەرزشی + 18:30 + 23:30
ئەمرۆ 10:10 شەو، جگە لە رۆژانی هەینی 03:00 نیوەرۆِی رۆژی دواتر
داخستن
كاته‌كانی بانگ به‌پێی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بەیانی 3:17
نیوه‌ڕۆ 12:17
عه‌سر 4:05
ئێواره‌ 7:29
خه‌وتنان 8:44

باشترین بژارده‌ له‌به‌رده‌م (بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی)دا

عومه‌ر گوڵپی



پاش گفتوگۆكانی‌ ئه‌م دواییه‌، سه‌ردانه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ لای‌ گۆران‌و كۆمه‌ڵ، كه‌ به‌ هۆی‌ پێكهاته‌ی‌ وه‌فده‌كه‌و ناوه‌ڕۆكی‌ ڕاسپارده‌كانیان زیاتر له‌ سه‌ردانی‌ خواحافیزی‌ ده‌چن، وای‌ ده‌بینم باشترین بژارده‌ له‌به‌رده‌م هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ بژارده‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بوون به‌ فۆرمێكی‌ نوێوه‌ به‌جۆرێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ دۆخی‌ ئێسته‌ی‌ كوردستان بێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆكاره‌ی‌ خواره‌وه‌:

1ـ یه‌كێتی‌‌و یه‌كگرتوو هه‌ریه‌كه‌یان به‌ هۆكارێك نه‌یانتوانی‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كانی‌ خۆیان به‌رده‌وام بن كه‌ وه‌ك چوار حزبه‌كه‌ پێشكه‌شیان كردبوو، له‌ سیاسه‌تیشدا ئه‌م بابه‌تانه‌ جێبان ده‌بێته‌وه‌و ده‌كرێت هێزه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان دوور یان نزیك ببنه‌وه‌ له‌ یه‌ك، ئه‌مه‌ هیچ عه‌یبه‌ی‌ تێدا نییه‌و ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ بڕیارده‌دات كام هه‌ڵوێسته‌یان ڕاسته‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ وڵاته‌و كامه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

2ـ یه‌كێتی‌‌و یه‌كگرتوو قه‌ناعه‌تیان به‌ خۆیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی‌ پارتی‌ بن بۆ ئێستاو ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌م میكانیزمه‌ی‌ كه‌ پارتی‌ له‌ سایه‌یدا هه‌موو شتێكی‌ تێكداوه‌ به‌سه‌ریه‌كدا‌و مه‌جلیسێكی‌ له‌ چه‌ند حزبێك دروستكردووه‌ وه‌ك به‌دیل بۆ په‌رله‌مان‌و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان‌و كوردستانی‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ به‌ره‌ی‌ كوردستانی‌ (به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ من وای‌ لێتێده‌گه‌م).

پاشان ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌و هه‌ڵویسَته‌، پێویسته‌ كۆمه‌ڵ‌و گۆڕان به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ هاوبه‌ش ڕابگه‌یه‌نن، كه‌ به‌رنامه‌‌و هه‌ڵویسَتی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌‌و كاره‌كانی‌ ڕوون بێت به‌مجۆره‌:

1ـ كشانه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌م دوو هێزه‌ وه‌ریانگرتووه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌یه‌كه‌وه‌ تا وه‌زیره‌كان.

2ـ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ ڕوون بێت له‌سه‌ر (په‌رله‌مان، سیستمی‌ حكومڕانی‌، خزمه‌تگوزاری‌، سه‌روه‌ری‌ یاسا، ژیانی‌ خه‌ڵك) كه‌ وایده‌بینم له‌ڕابردوودا پاكێجه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌م خاڵانه‌یان له‌ خۆگرتووه‌.

3ـ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم به‌م میكانیزم‌و شێوازه‌ی‌ ئێستای‌، بۆچوونیان له‌سه‌ر به‌شداری‌، بۆچونیان له‌سه‌ر ده‌نگدان‌و به‌شداری‌ ئه‌ندام‌و لایه‌نگرانیان، بۆچونیان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان، ئه‌گه‌رچی‌ من هیچ گومان‌و دوو دڵیم نییه‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ كوردیانه‌و ئازایانه‌ی‌ ئه‌م دوو هێزه‌‌و پێم وایه‌ خه‌ڵكیش له‌م ڕوه‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام دوور نیه‌ بانگه‌شه‌و هه‌ڵمه‌تی‌ چه‌واشه‌كارانه‌ی‌ ڕاگه‌یاندن له‌ ڕۆژانی‌ داهاتوودا لێڵی‌ دروست نه‌كات له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ ئه‌م دوو هێزه‌ لای‌ هاووڵاتیان.  

كه‌ من بۆ خۆم پێم وایه‌ پێویسته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ‌و گۆڕان هه‌ڵوێستیان له‌م بابه‌ته‌دا به‌ به‌شداریكردن بێت له‌ راپرسی‌‌و ده‌نگدانیان بێت به‌ (به‌ڵێ‌) بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌، به‌بێ‌ به‌شداری‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی‌ كه‌ پێكهێنراوه‌و ڕازیبوون به‌ میكانیزمه‌كان‌و به‌شداری‌ بانگه‌شه‌.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ش هیچ ڕێگرنییه‌ له‌وه‌ی‌ له‌  هه‌ڵوێستێك له‌ هه‌ڵوێسته‌كان ئه‌م دو هێزه‌ به‌شدارو هاوڕابن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ تردا، واته‌ پێویسته‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ نوێ‌ بێت به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌دا بگونجێت كه‌ ئێسته‌ كوردستانی‌ تێدا ده‌ژی‌.

سوده‌كانی‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ش له‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌دا ده‌بینمه‌وه‌:

1ـ كوردستان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سكه‌ی‌ حكومڕانی‌ دروست، كه‌ بریتییه‌ له‌ دابه‌شبوونی‌ هێزه‌كان به‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا.

2ـ له‌ ژێر فشاری‌ ئۆپۆزسیۆن بووندا، هه‌ردوو حزبی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كه‌ پاره‌و سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان لایه‌و له‌به‌رده‌سته‌ ناچار ده‌بن هێندێك گۆڕانكاری‌ بكه‌ن له‌ ژیانی‌ خه‌ڵك به‌ باشكردنی‌ مووچه‌و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌كان‌و باشكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.
3ـ په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ گرنگ له‌ ژیانی‌ خه‌ڵك ده‌ست به‌كاره‌كانی‌ ده‌كاته‌وه‌.

4ـ خه‌ڵك باشتر ده‌زانێت ڕووی‌ ڕه‌خنه‌ی‌ له‌ كێ‌ بكات؟ داوای‌ چی‌ له‌ كێ‌ بكات؟ كێ‌ به‌رپرسه‌ له‌ ژیان‌و گوزه‌ران‌و مووچه‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئیتر چه‌واشه‌كاری‌ هێندێك ده‌زگای‌ ڕاگه‌یاندن ناتوانێت فریویان بدات.

5ـ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ هه‌ردوو حزبه‌كه‌شه‌.

هیوادارم ئه‌م دوو هێزه‌ی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 5 ساڵی‌ ڕابردوودا زۆر هه‌ڵوێست پێكه‌وه‌ كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ی‌ كه‌ چاوه‌ڕوانیان لێده‌كرێت بنوێنن.

2003 جار خوێندراوەتەوە
09/09/2017

هەموو وتارەکانی ئەم نوسەرە